پیشەی هەمیشەم
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
2 خولەک
614 بینین
شەوگار گیڤ ئەخۆم وەک ماری زامدار
دەردە و گێژمەدا تل ئەخۆم جارجار
سەر لەسەر سەرین ناگرێت قەرار
هەر بۆ سەرزەوی بەرئەبێتە خوار
ناڵین و دەرد و فرمێسک و هاوار
ئاخ و ئۆف و ڕۆ بەزۆری تەغار
ئەمخەنە پێستی مردووی دەر لە شار
زووخاو بە لێوما تکتک دێتە خوار
بۆ سەر جێی نووستن ڕەش وەک قیری تار
کۆمەڵە ئەبێت بە دڵۆپ هەزار
منیش بەبێ هۆش بێهێز دەردەدار
لەسەر زوخاو خۆڵ و بەرد و دار
تل ئەدەم ڕۆحم ناوێ بەیەکجار
هەر خواخوامە زوو بڕوات شەوگار
ڕۆژ زوو دەرکەوێت بە تیشکی نازدار
بەڵام کە کاتێ ڕۆژ هاتە دیدار
هەمدیسان ئۆقرەم نییە وەکوو مار
هەردەم بۆ جێیەک ئەڕۆم بێ هۆشیار
خۆیشم نازانم ئەچم بۆ کام دیار
یان چ جێگایەک ئەکەم بە هەوار
هەمدیس خواخوامە ڕوژ بکا فیرار
تاریکیی شەو بێ تا بگرم کەنار
بحەوێنمەوە لەشی بێ تیمار
تل ئەدەم بۆ گشت لایەک چەوت و لار
هەتا بەیانی دڵتەنگ و غەمبار
هەر هاوار ئەکەم ئەڵێم کردگار
ئیتر بەس نەبێ ئەشکەنجە و جەغار؟
هەتاکەی دوور بم لە وڵات و یار؟
بۆ ئەوان وەختە ببم بە باڵدار
شێواو، ڕەنگزەرد، بێهێز و بیمار
خۆشیی نابینم دوورم لە بەختیار
دڵتەنگ و زویر مات و بێ کردار
یان نزیکم کە یان مردن سەد جار
یاخود بمکوژە بەبێ قین و قار
وەیان ببیسە نزوولەی دڵدار
سکاڵای غەریب، دەربەدەر، هەژار
چونکە وا شێت بووم بۆ ناو کوردەوار
بۆ دیداری لەیل برا و کەسوکار
ئیتر بەسێتی فەلەکی خەدار
لەوە زیاتر مەمدەرێ ئازار