هاتوچۆ مەکە
لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
470 بینین
بە کۆسپا هات و چۆ مەکە
لەگەڵ کەسا درۆ مەکە
گەر ئەتەوێ ڕێزت هەبێ
بە فیشاڵ باسی خۆ مەکە
ئەوەی ئەزانی بەدخووە
لەگەڵیا گفتوگۆ مەکە
لە ژنا زۆر جوانی هەیە
مەدحی چاو و برۆ مەکە
با لە ژینا سووک بێ سەرت
هاوڕێ لە بۆ خۆت کۆ مەکە
ئەوەی ژیاوە بێ حیساب
حیسابی کۆنی بۆ مەکە
کەسی خراپی تۆ کە مرد
بۆی مەگری باوکەڕۆ مەکە
بە قسەی نەرمی دوژمنت
برای خۆت دەسخەڕۆ مەکە
برات گەر کردی خراپە
ئەو ئەگەر کردی تۆ مەکە
کە لاواز بی وەک چۆلەکە
هاودەمێتی هەڵۆ مەکە
کەسێ کە جێی بڕوا نییە
چیت لە دڵە بۆی ڕۆ مەکە