هەندێ ڕەوشتی مرۆڤ

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  487 بینین
پیاوی زۆربڵێ و ژنی گرینۆک
هیچ و بێکەڵکن وەک گەڵای پیشۆک
مەلای هیچ نەزان کوێخای چەنەباز
زیانی گەلن وەک میوەی قرپۆک
دراوسێی دڵسۆز گەلێ باشترە
لە خزمی خراپ لە برای ناکۆک
ئەوەی کە فێری کردەوەی سواڵە
ئاوی ڕووی ئەتکێ ڕۆژی سەد تنۆک
ئومێدی چاکی قەت لێ ناکرێ
مرۆڤی خوێڕی و نەفام و گەڕۆک
گەر ئاگاداری ڕەوشتی نەبن
خۆی ئەدۆڕێنێ ژنی چاوچنۆک
ئەوەی هەر ڕۆژەی ڕەنگێکی هەیە
خۆی بێنەرخ ئەکا وەک دەزووی قرچۆک
ئەو یارەی کەوا نەرخم ئەزانی
بە فیدای ڕووی بێ بەڵخە و حەمامۆک