شیننامە بۆ فەرهاد
لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
409 بینین
کوڕی تاقانە تاقە سایەم بوو
بۆ بەرهەمی ژین ئەو سەرمایەم بوو
ئومێدم زۆر بوو کە باش دەرکەوێ
لە هەموو پلەی ژینا سەرکەوێ
ڕەوشتی پاک و ئاواتی چاکی
ڕزگاری بکا لە گشت غەمناکی
زۆر هەوڵی ئەدا لە بۆ گەلی کورد
من ئاگادارم هیممەتی ئەکرد
بەڵام داخەکەم بە دەستی ناپاک
خوێنی خاوێنی ڕێژرایە سەر خاک
ڕۆژی ئومێدم خێرا ئاوا بوو
بێ سەر و بەر ما هەرچی داوابوو
کوڕم شەهید بوو لە ڕێی کوردستان
وا من ئومێدم نەما بە ژیان
ڕۆحی خاوێنی بە بەهەشت شاد بێ
لە ترس و پرسی ئەولاش ئازاد بێ
کوڕی شەهیدم جوانەمەرگ فەرهاد
هەتاکوو ئەمرم تۆم هەر وا لە یاد
ئەوەی لە پێناو گەلیدا فیدا بێ
ڕۆژی ژیانی قەت ئاوا نابێ
گەرچی ئەندامی لەناو گۆڕایە
ڕۆحی زۆر پاکی لەگەڵ ئاگایە
شەهیدی وەتەن مەرتەبەی بەرزە
ڕێز لێ گرتنی واجب و فەرزە