چاوەکانت

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  1147 بینین
فیدات بم چاوەکانت دڵ ڕفێنە
دڵی من چاوەڕوانە لێم بسێنە
بە شێواوی جوانە پرچەکانت
بە قوربان سا بە شانە دایمەهێنە
وتاری تۆ وەکوو گەوهەر بەنرخە
بەڵام دایکت وتاری دڵ شکێنە
کە تۆم لێ دوور بی ئەگریم چەشنی ساوا
هەموو فرمێسکی چاوم سووری خوێنە
هەموو پەیمانی تۆ یاسای ژیانە
درۆیان فەرموو گوتیان بێ بەڵێنە
سەرم سوڕما لە ئاڵی کوڵم و لێوت
لە جوانیدا نیانە چەشن و وێنە
ئەگەر گوڵ هات و لافی جوانی لێدا
بە پەنجەی خۆت پەڕەی گوڵ هەڵوەرێنە