وێرانە نییە
لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
635 بینین
بۆشایی دەروون وێرانە نییە
یانەی تەواوی ئەو گیانە نییە
هەرچی ژان هەبوو نەما لە لەشما
ئەمڕۆ پێویستی بەم ژانە نییە
هەروا بە ئاسان ناسووتێ دڵم
بێ پەڕ و باڵە پەروانە نییە
یار هەرچی فەرموو سەرم لە ڕێیە
تاقەتی لۆمە یان تانە نییە
ئەو شۆخە بۆ من مایە و سایەمە
مەیلی گەوهەری یەکدانە نییە
بازی دڵداریم لە باخی ژینا
پووش و پەڵاشم لە لانە نییە
هەروا لە سایەی جوانی دولبەرمە
گلەییم کە لەم ژیانە نییە