جارێکی تر

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  758 بینین
ئەو دڵەی ڕەنجاوە لێت ڕاو ناکرێ جارێکی تر
ئەو سەرەی فەوتاوە بۆت داو ناکرێ جارێکی تر
ڕیسی بەدبەختی کە ڕستم تان و پۆی زۆر قایمە
خۆتی بۆ ماندوو مەکە خاو ناکرێ جارێکی تر
ئەو کەسەی سووتا وەکوو من وا لە ڕێی دڵدارییا
ناوی بێناو ماوە بەدناو ناکرێ جارێکی تر
یار کەوا بەرق و برووسکەی کوڵم و چاوی کوشتمی
گیانی من ئاڵوودە بوو چار ناکرێ جارێکی تر
من لەناو چۆڵی غەما وا داو بەشم خنکاوییە
چاری خنکاویی بەسەد ئاو ناکرێ جارێکی تر