هیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم

هەورازی عومرم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  839 بینین
هیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم
لە ئەشکی چاوم لە ئاهی سەردم
سەبەبی چییە ئەم گریانەی من
بۆ چی غەمگین و دائیم ڕەنگ زەردم
***
بۆ چی عاجز و بۆ ماڵ وێرانم
بۆ چی هەمیشە چاو لە گریانم
بۆ چی لەشکری غەم لا میوانە
بۆ چی خەرمانی عومری سووتانم
***
بۆچ وا بێ هۆش بۆچ وا سەرخۆشم
لە حەوزی میحنەت بۆچ بادە نۆشم
بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی پڕ دەردم
وەکوو تازێ بار دائیم ڕەش پۆشم
***
کۆتر ئەخوێنێ لەسەر گوێی سەربان
بۆ چی دڵی من ئەکەوێتە جەولان
هەرچەن پەڕ و باڵ ڕائەوەشێنی
جەرگم ئەسووتێ هەر وەکوو بوریان
 
کەسێ ناپرسێ کە تۆ چ کاری
دانیشتووی لادێ یا خەڵکی شاری
مەبەستت چییە لەم هۆنراوانە
بە چ جۆرە دەرد تۆ گرفتاری
***
نازانم ئەهلی دۆزەخم یا نار
یا لێم خۆش ئەبێ زاتی کردگار
لەبەر گوناهـ و ماڵ وێرانی خۆم
ڕۆژی ڕووناکم بۆتە شەوی تار
***
هەورازی عومرم وا سەرەو لێژە
جەستەم بە جارێ گشت گێژ و وێژە
وتن خۆڕایی هیچ سوودی نییە
لوتفیناسناوی ئەدەبی چی ئەڵێی هەر بۆ خۆت بێژە