دڵە بۆ دیسان وا لێت شێواوە
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
489 بینین
دڵە بۆ دیسان وا لێت شێواوە
بۆچ وەکوو فەرهاد جەرگت بڕاوە
مەلوول و غەمگین بە دەم سزاوە
دەروون پڕ لە ئێش پڕ لە زووخاوە
ئەی دڵ بناڵە شینت لە پێشە
قەت دا مەنیشە بەبێ ئەندێشە
خۆتیش نازانی کە چیت لە پێشە
چەن داوی گەورەت بۆ دانراوە
هەتاکوو مردن نازانی بە خۆت
چێی نووسراوە کە چی دێتە ڕێت
بە چ جۆر ئەڕۆی سوئال چی ئەڵێت
خۆتیش لە حاڵ خۆت سەرت سوڕماوە
چەن کەست بینی بە بەزم و شادی
دەم بە پێکەنین بە دڵ ئازادی
چەن کەسیش ڕۆیی بە نامورادی
بێ خەبەر بێ هۆش کە دۆش داوە
کاتێ ئەزانی وەک تەیری قەفەس
زەلیل و زویر بێ هەمسەر و کەس
بێ پەڕ و بێ باڵ بێ کەس و هەوەس
چاو پڕ لە خوێن و مات و داماوە
بۆیە من دائیم زار و غەمبارم
دائیم پڕ ئێشە دڵەی بیمارم
هەمیشە شین و گریانە کارم
لە کاری خودا سەرم سوڕ ماوە
لوتفیناسناوی ئەدەبی بەسیەتی ئەمجا هەڵسەپا
بە ڕاستی ڕووکە مەیدانی خودا
زیکری یا تەواب بێنە بە دڵ دا
لە ڕجا زیاتر چیت لە دەس ماوە