سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  559 بینین
سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە
دائیم هیلاک و بێ هۆش بەدەس ماڵی دونیاوە
نە بەرگی لەبەردایە نە تێری نان و ئاوە
لە حەفتا ساڵ ڕەت بووە پای لە هەشتا داناوە
وەکوو گەنجێکی تازە دوێنێ ژنی هێناوە
سەبر و سکوونی نییە بە ڕۆژ هەتا ئێوارە
بە شەو لە خزمەت ماڵات بە دائیما بێدارە
هەڵپەیەکی بۆ دەشتە یەکێکی بۆ ناو شارە
لە تاو تەماعی دونیا لە دینی خۆی بێزارە
هەر لە پێ تا تەوقی سەر غەرقە لە ناو قوڕاوە
نە خەفەت لە لای دینێ، نە خەیاڵ لە ئیمانێ
بەلای مامۆستا ناچێ ڕێگەی دینێ نازانێ
ڕوو لە زانایێ ناکا، ئەدیب بە هیچ ئەزانێ
هەژارێ ڕووی تێ بکا نایداتێ لوقمە نانێ
ئەم ڕوکنانە کە فەرزە ئەو بە هیچی داناوە
گوێ لە من بگرە نەفام پێت بڵێم قسەی جوان
ڕوو بە ڕوو سەیری من کە فکری خۆت بۆم کە بەیان
قۆناغت هەتا کوێیە بۆ کوێ ئەڕۆی بە تەکان
بن پێت هەمووی ژاکاوە وشکە وەک داری خەزان
وەک لا دیواری کۆنە دەلاقەت لێ؛ ڕووخاوە
وەللاشەکانت هەمووی ڕۆیشتن تۆ بەجێمای
لەسەد یەکێ نەماوە تۆیش ئەبێ بچی بۆ لای
تا کەی تۆ فکرێ ناکەی مەشغووڵی ماڵی دونیای
خەریک جەفای بێ سوود و ڕەنج و زەحمەتی هەبای
جڵەو عەقڵت با دەوە ئەمجا بۆ لای خوداوە
تەوبە بکە بە ڕاستی بگرە ڕێگەی شەریعەت
قەزای نوێژ و زەکاتت بکە بە فەرز و سوننەت
حەج و خەیراتت بکە هەتاکوو ماوە فرسەت
بۆ ئاخریت هەر چاکە بۆ تۆ ئەبێ بە ڕەحمەت
لە خەو هەڵسە، فرسەتە ئەم چەن ڕۆژەت کە ماوە
دوایی پارەت بۆ ناکا پەشیمانی و نەدامەت
ئەوەی بۆ تۆ بمێنێ هەر داخە لەگەڵ حەسرەت
بێ بەش ئەبێ بزانە لە تەقسیمی مەرحەمەت
بەینی بەهەشت نابینی بە فەتاوی شەریعەت
لوتفیناسناوی ئەدەبی ئەتۆ ئەزانی وەها فتوا دراوە