ئەی دڵ هەتا کەی یاری غەمباری
ئەستێرەی بەختم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
600 بینین
ئەی دڵ هەتا کەی یاری غەمباری
هەتا کەی میحنەت هەم خاکەساری
تا کەی ئەسیری دەستی دەوران بم
تا کەی ڕەزیلی ناو هاوسەران بم
تا کەی دەردەکەم هەر وا گران بێ
حاڵم هەتا کەی وا پەرێشان بێ
ئەستێرەی بەختم تا کەی بێ شەوقە
جەفا و دەرد و غەم لە گەردن تەوقە
دۆستی دڵخوازم تا کەی دوژمن بێ
عالەم بەبێ سووچ قینی لە من بێ
درەختی بەختم تا کەی بێ بەر بێ
ڕەنجی فەرهادیم بۆچ بێ سەمەر بێ
تا کەی باری غەم لەسەر شانم بێ
لە جێگەی شادی هەر گریانم بێ
فەلەک با بەس بێ دەوران بێتە کام
تاوێ گوشادی بێتەوە بۆ لام
ڕەبی دەخیلە با بەس بێ مەینەت
عومرێکی کامیل بەخشی بە ڕەحمەت
تەحەمول کەمە لای نەفسی بەشەر
ڕەبی ڕزگارم بکەی لە خەتەر
لوتفیناسناوی ئەدەبی چیت ماوە تازە لە دونیا
پێنج و دوو ڕۆژێ ئەویش هەر ئەڕوا