فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  449 بینین
فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە
بۆ هەر بەشی من شین و گریانە
فەلەک توو بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار
خواردنت لە دەم کردمە ژەهری مار
فەلەک هەتا کەی شیوەن و گریان
هەتا کەی مەینەت لەناو هاوسەران
فەلەک تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم
وەکوو باز وا بووم باڵت شکانم
فەلەک با بەس بێ خەفەت و ئازار
بۆ چی بەم جۆرە من بم گرفتار
فەلەک یاڕەبی دەردت گران بێ
حاڵت وەکوو من هەر پەرێشان بێ
دۆستی دڵخوازت لێ کردمە دوژمن
کردت بە قوڕدا هەزاران وەک من
شووشەی حەیاتی چەن نەوجەوانان
بەبەردی غەزەب هەموویت شکان
ڕێت لێ ون کردم بێ دەلیل ماوم
هەر وەکوو مەجنوون شێت و شێواوم
کەوتوومە خەیاڵ بەحرێکی بێ بن
بوومە جێی تانەی هەزاران دوژمن
فەلەک تێناگەم تا کەی بە مەینەت
تا کەی غەم خواری لە دەرد و زیلەت
فەلەک ڕەزیلم لەناو دۆستانم
تا کەی بەم جۆرە غەم بێ میوانم
تا کەی پەشێوی حاڵی زەبوونم
تا کەی جەرگ سووتاو دڵ پڕ لە خوونم
تا کەی بارانی میحنەت بەدەوام
ئەبارێتە سەر دڵەی بێ خەتام
تا کەی ڕەهەندەی دەشت و سەحرا بم
تا کەی ئەسیری دەستی بەڵا بم
لوتفیناسناوی ئەدەبی چی ئەڵێی عەقڵت شێواوە
بەختت گیرۆدەی تەلەسم و داوە