گوێ لە من بگرە ئەی برای هەژار
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
2 خولەک
503 بینین
گوێ لە من بگرە ئەی برای هەژار
بەعزێ حەکایەت بۆت ئەکەم ئیزهار
قەت خەفەت مەخۆ بۆ ماڵی دونیا
نەبوون چاترە بۆ حیساب ئەو لا
ئەگەر ڕازی بی بەوەی داویە پێت
ڕۆژی قەیامەت هەمووی دێتە ڕێت
پێنجسەد ساڵ تەواو ساڵی قیامەت
لە پێش دەوڵەمەند ئەچێتە بەهەشت
یەکەم لەبارەی دینەوە بەد حاڵ
دووەم جێ دێڵی گشت سەروەت و ماڵ
ئەوجا تێ ئەگەن کردەوەی خۆیان
خەفەت هەردوولا مایەوە بۆیان
هەژار گەر بمرێ هیچ غەمی نییە
ڕزگاری لە دەس ئەم نەبوونییە
گەرچی هەژاری دەردی گرانە
بەڵام ئەجرەکەی زۆر بێ پایانە
لە دونیای ڕۆشن بە داخ و حەسرەت
هەر بە غەمخواری هەر بە ڕەزاڵەت
بەتایبەت نەبوون لە ئەم زەمانە
تانەی لێ ئەدەن خزم و بێگانە
وەکوو گەڕ و گوڵ خۆی لێ لا ئەدەن
بە چاوێکی سووک تەماشای ئەکەن
یا ئەڵێن کابرا جێی غەزەب خوایە
بۆیە هەمیشە حاڵی وەهایە
یا ئەڵێن کابرا یەکجار چەوتە
هەر بۆ دەس بڕین ڕوو لە مزگەوتە
یا ئەڵێن کابرا زۆر حەرام خۆرە
بۆیە هەژارە دائیم بەم جۆرە
ئەرێ کاکە گیان وا نییە بەخوا
تەقسیمی ئەزەل بەشی خۆی ئەخوا
خەڵقی کردووە چەن دەرد و زیللەت
لە بەرانبەری چەن ناز و نیعمەت
ئەگەر نەبوایە خەمی فەقیری
بە چی دەر ئەکەوت پایەی ئەمیری؟
ئەگەر نەبوایە سەرمای زستانان
بە چی دەر ئەکەوت لەزەت بوهاران؟
ئەگەر نەبوایە پیری میحنەتی
بە چی دەرئەکەوت گەنجی لەزەتی؟
ئەگەر نەبوایە بێ عەقڵ و جاهل
هیچ تامی نەبوو زانا و عاقڵ
لوتفیناسناوی ئەدەبی هەژاری هەم کە عەیب داری
چاو بدە ڕەحمەت حەزرەتی باری