ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا
وەسیەت بۆ کوڕەکانم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
2 خولەک
480 بینین
ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا
هەر کاتێ زانیت بارخانەم پێچا
وەسیەت ئەکەم بۆتان کوڕی خۆم
لە دوای مردنیش غەم خۆری ئەنگۆم
هەتا ئەتوانن لەسەر ڕووی دونیا
ڕووتان بە شووش بێ هەر وەکوو چرا
ڕوو گرژ نیشانە لەبۆ ئەهلی نار
لەسەر ڕووی دونیا ئەبێ ئاشکار
دائیم ڕوو گەش بن لەگەڵ گشت عەوام
ڕوو گەشی شەرتە بۆ گەلی ئیسلام
ڕەفیقیی پیاوی بەخیل قەت مەکەن
غەیبەتی پیاوی جەلیل قەت مەکەن
سەخا سیفەتی زاتی خودایە
ئەوەی سەخی بێ دۆستی گشت لایە
ئەهلی بەهەشتیش نیشانەی دیارە
سەخی و ڕووخۆشە لەگەڵ ئەغیارە
وەکوو گوڵ وا بن بۆنتان با بڕوا
لە ناو عالەم دا دیار بن وەک چرا
حورمەتی عالیم هەژار و هەتیو
شەل و کوێر و پیر ئەختیاری ڕزیو
لازمە بگرن بەقەدەر ئەحواڵ
زۆری پێ خۆشە زاتی زولجەلال
شیرین بن ڕۆڵە وەک شیری بێ گەرد
ببن بە شیفا قەت مەبن بە دەرد
ڕۆڵە من ئەڕۆم زۆرم نەماوە
قسەی دوایمە کە وا نووسراوە
مەبن بە ژاڵە تاڵ و بێ سەمەر
شیرین بن توخوا وەک شەهد و شەکەر
خیانەت نەکەن لە قەومی خۆتان
سەر شۆڕی دێنێ لە هەر دوو جیهان
کەلامی کوردی هەیە مەتڵەبە
«گەر نابی بە گوڵ دڕکیش مەبە»
ڕۆڵە من لەسەر ڕادەی سەفەرم
ماڵ کاول خۆمم هەی خاک بە سەرم
ئەوەی نووسیومە بە گوێم کەن توخوا
سەرتان بەرز ئەبێ لە مەیدان خوا
ئێوەش جار و بار یادی من بکەن
لە خەیر و خەیرات بێ بەشم مەکەن
لوتفیناسناوی ئەدەبی تەمای چیت ئەتۆ لە دوای خۆت
خەیری ئەولادت بەڕێ کرێ بۆت