دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری

دڵ پڕ لە ئاوات
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  555 بینین
دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری
پڕ ئێش و ئازار زۆر بێ قەراری
دڵە بۆ دائیم غەم میوانتە
باری دەرد و غەم لەسەر شانتە
دڵە بۆ دائیم چاو لە گریانی
دائیم زویر و حاڵ پەرێشانی
دڵە بۆ دائیم سەر لێ شێواوی
وەک تەیری زامار واشە لێ داوی
دڵە بۆچ ئەوەن مات و زەبوونی
وەک داری سەر یاڵ دائیم هەر توونی
دڵە نازانی دونیا فانییە
هەرچی کە ڕۆیی هاتنەوەی نییە
دڵە نازانی دونیا بەتاڵە
پڕ وەسوەسە و غەم وەهم و خەیاڵە
دڵە نازانی هەزاران وەک توو
لە بەحری غەمدا هەمووی نوقم بوو
دڵە نازانی هاوڕێی تۆ زۆرە
دووچاری دەردن هەموو بەم جۆرە
دڵە نازانی سەیری دونیا کە
سەیری میحنەت و دەرد و بەڵا کە
یەکێ ڕەزیلی ژێر دەستی نەبوون
یەکێ تەنگە تاو لەسەر دونیای دوون
یەکێ بێ دەستە، یەکێ بێ پایە
یەک غەرقی بەحری نیعمەتی خوایە
یەکێ بێ چاوە، یەکێ بێ ماڵە
یەکێ ئیشی وەک دووکان بەقاڵە
یەکێ بێ دەرپێ، یەک بێ کەوایە
یەکێ گیانی خۆی لەلا بەڵایە
یەکێ بێ پارە، یەک بێ کراسە
یەکێ عاقڵە، یەکێ کەساسە
یەکێ کەوتووە لە دووری وڵات
حاڵی پەرێشان دڵ پڕ لە ئاوات
هەتاکوو بڵێم قەت تەواو نابێ
تەقدیر وەهایە هەر ئەبێ وا بێ
لوتفیناسناوی ئەدەبی ئەم شیعرە بۆ پیاوی هیلاک
لێت وەر ناگرێ سەرانسەر بە خاک