کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی

باری غەمناک
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  379 بینین
کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی
لە ناو عالەمدا بە دەنگ و ناوی
خۆت لە خۆتەوە بە گەورە مەزان
ئەمە باعیسە بۆ کەمی نەزان
هەر کەس لە ماڵ خۆی پیاوی تەواوە
بە قسەی مناڵ خۆی خەڵەتاوە
پیاو ئەو پیاوەیە وەک داری بەردار
سەمەری ببێ بۆ هەموو هەژار
دەلیل بێ بۆ وەی ڕێگە نەزانە
سێبەر بێ بۆ وەی حاڵ پەرێشانە
لە سەر ڕێگەی حەق هەرگیز لا نەدا
بەرانبەر لە ڕاست پاشاهـ و گەدا
قەدری گشت کەسێ تەواو بزانێ
حورمەت عام بگرێ هەتا ئەتوانێ
قەت مەغروور نەبێ بە کردەوەی چاک
دوایی بۆی ئەبێ بە باری غەمناک
نەڵێی من بەگم وەیاخۆ ئاغام
یا قازی یا شێخ وەیاخۆ مەلام
نەڵێی من هەمە زێڕ و موڵک و ماڵ
کۆشک و تەلار و زەخیرەی چەن ساڵ
ئەمانە هەمووی عەتای مەولایە
چ جۆرە فکرێ لەسەر تۆدایە
شوکرانە بکە لە دەرگای باری
کردتی بە بەشەر بەناو و دیاری
لوتفیناسناوی ئەدەبی بەس بدوێ لە کاری عالەم
پەی پەی هەڵکێشە هەناسەی ماتەم