ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  525 بینین
ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم
عومری ڕابوردوو چەند دەردی داپێم
ئەوەڵ منداڵ بووم بێ داک گەورە بووم
لای هیچ کەس نەبوو خۆشەویستی ڕووم
کە بووم بە حەوت ساڵ نامیانە خوێندن
دائیم ڕووت و قووت ناو دۆست و دوژمن
ڕەنگ زەرد و پەشێو، کز و خەفەتبار
بێ ناز و نیعمەت دوور لە کەس و کار
دڵ پڕ لە ئەلەم دەروون پڕ لە ژان
بە هەر حاڵێ بوو ڕامبوارد ژیان
ئێستا وا لەسەر ئاسۆگەی مەرگم
وەسیەت ئەکەم بۆت تۆ خودا جەرگم
لە دوای من بژین بە ژیانی پاک
دڵی کەس مەکەن زویر و غەمناک
کەس عاجز مەکەن لەسەر ڕووی دنیا
هەر بە نەجابەت دۆستتان زیاد ئەکا
لە گوێرەی تاقەت کەرەم کردار بن
با لەناو خەڵکی هەمیشە دیار بن
ڕوو خۆش بن لەگەڵ هەموو موسڵمان
ڕووی گەش نیشانە بۆ ئەهلی ئیمان
هەتا ئەتوانن ڕوو لە خودا کەن
بە ڕۆژ و بە شەو زیکری مەولا کەن
هەر کەس کەم دین بێ ڕۆڵە بزانە
لە هەردوو دونیا باری گرانە
ڕەزیلی پیسە قەت مەبن ڕەزیل
مەیکە بە پیشە تا نەبی زەلیل
سەر شۆڕە ئەوەی کرداری وا بێ
ڕوو زەردە بۆ هیچ فەرمانی نابێ
لوتفیناسناوی ئەدەبی تۆ غەمی خۆت بخۆ هەژار
کە وا گیرۆدەی بەداوی ڕۆژگار