لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان
دە با بنۆشم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
538 بینین
لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان
عاجز دانیشم داماو و حەیران
دەبا بنۆشم جورعەی جامی تاڵ
دەبا نێو دەروون بێتە کۆی زووخاڵ
دەبا شیوەن کەم هەتاکوو ماوم
وەک سەیل با خوێن بێ لە هەر دوو چاوم
ژینێ هەر بە غەم دیلی ڕۆژگارم
لە ڕاست هەموو کەس من شەرمەزارم
بێ تین و تاقەت ئاشوفتە حاڵم
لە بەدبەختیدا وێرانە ماڵم
عەیبێ شک نابەم بە غەیری پیری
دامێن گیرم بوو لەگەڵ فەقیری
هەردووکی ڕێکەوت بەرگی غەم و تەم
پۆشایە بەرم عیللەتی ماتەم
وجوود وەک فەنەر لەسەر تا بە پام
خۆمیش نازانم بۆچ وا تێک شکام
تازە بە من چی دیدەنی دۆستان
دۆست و هاوڕێی من وان لە گۆڕستان
بە من چی سەیری ڕوخساری دولبەر
بە من چی بادە و شەرابی کەوسەر
بناڵە لوتفیناسناوی ئەدەبی مانەندی مەجنوون
تا ئاوی دیدەت تێکەڵ بێ بە خوون