گوێم لێ ڕاگرە کاکی بازرگان

کاکی بازرگان
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  551 بینین
گوێم لێ ڕاگرە کاکی بازرگان
ڕۆژێکت هەیە بچێتە مەیدان
ڕۆژێکت هەیە لە مەیدانی خوا
کردە و کردەوەت ئەبێ ئاشکرا
ڕۆژێکت هەیە وەک نەی ئەلەرزی
بێ سوئال ئەکرێ بەقەد یەک دەرزی
ڕۆژێکت هەیە لە مەیدانی حەق
مەلەک حازرن بە گورز و مەترەق
بەس خۆت ڕوو زەرد کە بۆ تەماع دونیا
گشتی جێ مێنێ ئەڕوا بە هەبا
بەیان تا ئێوار لەسەر دووکانی
ئەحواڵی عالەم چاکە بزانی
چەن ئافرەتێ دێن ڕۆژ هەتا ئێوار
گەر خەڵکی لادێ و ئەگەر خەڵکی شار
بێ ئیزنی مەردی و بەبێ خەبەری
لەگەڵ جەنابت بۆتە موشتەری
قۆڵی ئەبڕی بە سووک و ئاسان
ڕەوانەی ئەکەی بە شیرین زوبان
بۆ ئاگات نییە لە ڕۆژی حیساب
خالیق ئەپرسێ لە عەیب و عیتاب
هەر دەم وریا بە لە مەکری شەیتان
لە ڕێت لا نەدا، نەبی ماڵ وێران
لە کردەی خراپ دوور بە و ئاگەدار
دوایێ لەپاشان ئەبی شەرمەزار
لوتفیناسناوی ئەدەبی نەسیحەت لەسەر ڕەقی بەرد
هیچ تەئسیر ناکا لەناو دڵی سەرد