ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیهان

مەدحی عەشیرەتی شوان
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  727 بینین
ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیهان
داوودە و بەیات چوار کۆمەی شێخان
زەنگەنە و جەباری هەمەوەند تەواو
جاف و گەڵباخی گەڵاڵی و گۆران
پشدەر و مەنگوور هەم دەشتی بتوێن
شارەزوور هەموو هەتاکوو بازیان
زۆر شوێن گەڕاوم من لە کوردستان
نەمدی خاکێکی وەک خاکی شوان
ئاوی سازگار، مەناخی زۆر خۆش
هەوای دڵگیر بێ بۆ دانیشتووان
قەڵەم لە وەسفی حەیران دەمێنێ
دەک ئاوەدان بێ بەهەشتی کوردان
پڕ لە ئەنواعی میوە و میوەجات
ئەرازی بێ عەیب جێگەی دغڵ و دان
هەر وەک بەهەشت سەرچاوەی باخی
مێرگ و وەنەوشە نێرگز و ڕەیحان
زۆربەی دێهاتی هەمووی چەماوە
زەرعات و میوە دار و دارستان
مەرعای یەک تایە بۆ مەڕ و ماڵات
چەم و ئاوی زۆر وەک باخی جینان
ڵەگەڵ سەگەرمە عەداوەت ئەکەن
بەرانبەرێتی چیای خاڵخاڵان
کاڕووش و بنچک زەل و زەنەکاو
ئەمەندە زۆرە نییە حیسابیان
ژنیان وەک حۆری چاو گەش و ڕوو خۆش
پیاویان بێ عەیبە هەر وەکوو سوڵتان
سەخی و دڵ گوشاد بە هەموو دەمێ
هیچ وەختی خەفەت نییە لەلایان
هەزار بار میحنەت ئەگەر بارت بێی
ڕۆژێ لەلایان ببیتە میوان
بە سوحبەتی خۆش نوکتەی زۆر لەتیف
دێتە پێکەنین لە خۆشی ئەوان
غەمی زەمانەت لەلا نامێنێ
کە مەجلیس ئەگرن وەعدەی ئێواران
ئیختیارەکانیان گشت کۆ ئەبنەوە
بۆ قاوە خواردن لەلای دیوەخان
بە گاڵتە و سوحبەت قسە لەگەڵ یەک
باسی یەکتری جنێو بە یەک دان
کەسێ گوێی لێ بێ با زۆر غەمبار بێ
ئەکەوێتە سەر ماجەرای ئەوان
سەخی و دڵ فەرەح لە هەموو وەختێ
ئەگەر نەبێتیش لە ناو ماڵیان نان
چاو تێر، دڵ ڕووناک، لە هەموو جێگە
بە تایبەت لە گشت دێی «ئالی بەیان»
نەترس و ئازا لە مەیدانی جەنگ
وەختێ بێنە دەس وەک شێری هەیجان
من ڕجام وایە لە خزمەت باری
دائیم مەحفووز بن لە بەڵای جیهان
دوور بن لە غەم و دەرد و موسیبەت
بژین بەختەوەر شاد و کامەران
لوتفیناسناوی ئەدەبی گەر ڕاستە قسەکانی تۆ
بۆ چی بە جێت هێشت ڕات کرد لە ناویان