عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
2 خولەک
471 بینین
لە دێی بیراڵک ناوچەی شوان لە کەرکووک کابرایەکی مام ئەحمەد ناو ئەبێت؛ جارێکیان نەخۆش ئەکەوێ و کوڕەکانیش بانگی مەلای ئاوایی ئەکەن بۆ ئەوەی یاسین بخوێنێ مەلاش کە دەس ئەکا بە یاسین خوێندن مام ئەحمەدیش بە کوڕەکەی ئەڵێ دوو قزناغ جۆی بدەنێ با نەیخوێنێ سەرم دێشێ لوتفیش ئەم غەزەڵەی بۆ دەنووسێ:
عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر
حەیاتی خۆت تەواو کرد لە خزمەتی گا و کەر
چەندی ڕەنج و جەفات دی شڕی و ڕووتی و ڕەزیلی
چەندی لە دونیای ڕۆشن بە غەم و بە دەردەسەر
چەندێکت لە دونیا دی ئەوەندی تر نابینی
لەژێر باری ڕەزاڵەت هەتا کەی وا قوڕ بە سەر
هیچ سێبەرێکت نەبوو نە بۆ خۆت و نە بۆ کەس
عاقیبەت وا تەواوی وەکوو داری بێ سەمەر
مێشکت چەنێ بەتاڵە بەسە تاکەی ئەم حاڵە
ئەمجارە ڕوو کە دەرگای خالیقی حەیی ئەکبەر
تۆزێ عەقڵت بێ هەژار بەس بدە ڕەنجی هەبا
گشتی بەجێ ئەمێنێ وەختی هەنگامەی گوزەر
پێنج فەرزە نوێژت بکە زۆر بە شەرت و بە ئەرکان
ئاوڕ دەوە بە ڕاستی دەرهەق جیران و هەمسەر
بۆ چی گیانت گرانە بۆ تاعەتی خوداوەند
هەر بۆ پارەی جامێ ماست لووت ئەدەیتە بای سەحەر
گەر تەوبە نەکەی ئەمن پێت ئەڵێم ڕاست و ڕەوان
ڕۆژێ ئەبێ ئەگریێی ئەڵێی وای أينَ المَفَرعەرەبی
مەئیووس و بێ بەش ئەبێ لە میوەی باغی جینان
بە سەد ئاخ و واوەیلا ڕەوان ئەکرێی بۆ سەقەر
نەسیحەت بکە منداڵ ژن و خوشک و کوڕ و کچ
با ئەوانیش وەکوو تۆ هیلاک نەبن ڕەنج خەسەر
ڕێگەی دین و عەداڵەت حەق و حەڵاڵ و حەرام
پێیان تەعلیم کە زیاد نەفعە بۆ تۆ نەک زەرەر
لوتفیناسناوی ئەدەبی ئەتۆ ئەڵێی چی سوحبەتی بە قسەت دێ
گیسکێکی پێ چاترە لە حەدیسی پێغەمبەر