ڕێم کەوتە دێیە ڕۆژێ لە ڕۆژان

دێیەکی زۆر خۆش، لە سەفەرێکدا بۆ ناوچەی قەرەداخ
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 4 خولەک  608 بینین
ڕێم کەوتە دێیە ڕۆژێ لە ڕۆژان
دێیەکی زۆر خۆش دار و دارستان
هیچ کەس نەیدیوە جێگەی وا دڵگیر
شاخی بەرز و سەوز بێوێنە و نەزیر
چەم و باخی زۆر کانی و کانی ئاو
هەتا سەیری کەی قەت تێر نابێ چاو
ئاوازی بولبول خوڕەی ئاوی شاخ
بە بێ چەند و چوون تێر ئەکا دەماخ
لام دا بە نیازی تۆزێ ئاو بخۆم
ئەمجار ڕێی بگرم لەبۆ خۆم بڕۆم
تەمەنم حەڤدە هەژدە ساڵانە
جوان باڵا بەرز ڕێک و لاوانە
جل و بەرگی چاک شێخانە دەستوور
لە دوو شەوقەدا هەر وەکوو بلوور
قوندەرەی بیلاد کەوای جەرمانم
عەبای چۆغەی ڕەش وا لەسەر شانم
شانی سورمەدار دەستووری موسڵ
لە دوور دیارە هەر وەک تۆپی گوڵ
دەمانچەی حەوتیر خەنجەری دەبان
سەعات و زنجیر دەستووری کرمان
سوارم لەسەر پشت ئەسپی وەک غەزال
پەناهم هەر تۆی دانای زولجەلال
چوار پەلی سپی ناو چەوانی قەش
وەک ئاسکەی مبەری ئەڕوا بە بێ غەش
سەر زین ئاورێشم گوڵەنگ و سەجاغ
ڕەشمە و لغاو ڕێک سەر کەلە و چەناغ
لە لای خۆم وایە لە ژێر ئاسمانا
کەس نییە وەک خۆم لە ڕووی جیهانا
بە هەر حاڵێ بوو ڕێم بردە ماڵێ
داوای ئاوم کرد بە هەر ئەحواڵێ
دیتم نازدارێ لە ماڵ هاتە دەر
ڕووی شوعلەی ئەدا وەک مانگی ئەنوەر
باڵای وەک نەمام چەمی شەقڵاوە
هەتا سەیر کەی عەیبی نەماوە
دەس هەڵبژێری یەزددانی تاکە
سەد ماشائەللە چەندە بێ باکە
لەشی سوێند ئەخۆی یەک پارچە زیوە
بە توولی عومر هی وام نەدیوە
ڕەنگ سوور و سپی تەواو خەمڵاوە
ئەڵێی شیرینە و لە ئەڵوەن ماوە
دوو شا زولفی شۆڕ مۆرە لە خەنە
دەم دوور بێ یاقووت بە گەوهەر بەنە
تەختی ناو چەوان چوار پەنجە پانە
ئەبرۆی سوێند ئەخۆی هەر وەک کەوانە
چاو وەک گەلاوێژ هەڵدێنێ بە ناز
ڕۆحی مردۆکان دێنێتە پەرواز
پووشین سورمەدار قەزاز کراوە
مشکی گوڵەنگی لێ هەڵ بەسراوە
بەو لەنجە و لارە ئاوی بۆ هێنام
نە خەیاڵی ئاو نە فیکری دونیام
ما هەر سەیر بکەم بێ قسە و بێ باس
لەسەر پشت وڵاخ وەکوو گێژ و کاس
ئاوی ڕاگیر کرد دڵ بێ خەبەرە
کەوتمە گێژ و لوول شین و مەسخەرە
ئەوجا پێی وتم ئەی برای ڕێبوار
بۆچ وا پەشێوی عاجز و غەمبار
وتم ئەی نازدار غەمی زەمانە
لە لای من نەبوو لە هیچ دەورانە
تا گەیمە ئێرە هیچ بەڵام نەبوو
گەشتمە ئێرە عەقڵم لەدەس چوو
نازانم چییە بۆچ وام بەسەر هات
دووچاری دەرد بووم نییە ڕێی نەجات
وتی ئەی میوان دابەزە تاوێ
دونیا زۆر گەرمە تەکلیفی ناوێ
پشوویێ بدە تاوێ لە لامان
دانیشە بە دڵ لەسەر دوو چاوان
ئەم جا دابەزیم جێگەی بۆ دانام
کەوتە گفت و گۆ بە شیرین کەلام
تا کاتی عەسر زۆر بە کەیف و شاد
غەمی زەمانەم ئەدایە بەر باد
ناچار سوار بووم ڕوو لە ڕێگەی خۆم
غەمی سەد ساڵە گەڕایەوە بۆم
وتی ئەی جوان دەستم بە دامان
ئەبێ جارێ تر تۆ بێی بۆ لامان
وتم من چی بکەم بەهانەم نییە
ئێرە زۆر دوورە هاتوچۆ نییە
وتی چەن مەڕێ یا دوو پیرە گا
بنێرە ئێرە با لەوەڕ بخوا
ئەمجا هەر هەفتە بیانووت ئەبێ
بەو واسیتەوە هاتوچووت ئەبێ
هەتا باسی کەم دەردم گرانە
بیری لێ بکەم چاو لە گریانە
هەر وەکوو مەجنوون ڕووم کردە هەردە
ئەمدا بەسەردا وەک برا مەردە
ڕۆژ و شەو لە داخ تا ماوەی یەک ساڵ
لە داخا دائیم سەر خۆش و عەبداڵ
چەن بێتە یادم هەناسەی گەردوون
گەردەلوول ئەکا بۆ چەرخی گەردوون
ئارامم نەما هەر وەکوو فەرهاد
شەو و ڕۆژ پیشەم هەر داد و فریاد
لوتفیناسناوی ئەدەبی با بەس بێ کولانەوەی برین
دەردت گرانە بڕێژە ئەسرین