دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە

درەختی بەختم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  1123 بینین
دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە
خواردنی میحنەت غەم و زووخاوە
لە ڕەشی چاوت ڕەشە بەختی من
وا لە قوڕ دەرچوو تالعی دوژمن
دۆستانم غەم خوار دوژمن شادە
درەختی بەختم زۆر نامورادە
ئەوەن ڕەنجم دا لە دونیای ڕۆشن
قەت نەبوو جارێ فورسەتێک بۆ من
دەستم بگاتە پەنجەی شمشاڵت
بە دڵ بگووشم دوو لێوی کاڵت
بە وەسڵت شاد بم یاری شیرینم
بێ بە شیفای زام و برینم
دەردی دووری تۆ لە دڵم دایە
گیانی شیرینم لا وەک بەڵایە
یەک دیدەنی تۆ کاری کرد لە دڵ
دەر ناچێ تازە هەتا ڕۆژی گڵ
ئەی شۆخی شیرین ئەی گوڵی کوێستان
لە پەری جوانتر ئاسکەی بیابان
سووری ڕوومەتت شێواوی کردم
لە حەسرەت باڵات ئەوا من مردم
ئیشارەی چاوت وا جەرگی بڕیم
جل و بەرگی خۆم هەموو دادڕیم
گەردنی زەردت ڕووی وا زەرد کردم
لە ناو عالەم دا چۆن ئابڕووی بردم
ئەی پەری ڕوخسار باڵا نەونەمام
لە کونجی حەسرەت بە تاک و تەنیام
هەر چاوەڕوانم بە ڕۆژ و بە شەو
لە دووری باڵات دەکەم شین و کەو
لوتفیناسناوی ئەدەبی چاوەڕێی چی ئەکەی هەژار
بێ سوودە ناڵەت بەس بکە هاوار