سەیری بوهار چەن جوانە کاتی کەیف و سەیرانە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  448 بینین
سەیری بوهار چەن جوانە، کاتی کەیف و سەیرانە
گوڵان لەسەر چڵانە، کانی ئاو لە جەریانە
ئاوەنگ ساف لەسەر گوڵان، بولبول وا لەسەر چڵان
بای وەعدە لەگەڵ زوڵفان، بەیەکدا دێن شەڕیانە
شەڕی ئەوان نەگبەتە، سەبەب دەرد و مەینەتە
بۆ عاشقان زەحمەتە، تاتای ئەو زوڵفانە
بە تاتای زولفی یار، بۆتە کۆتی پێی هەژار
بۆم مایەوە خاکەسار، لەمەولا وەک دێوانە
دێوانەی دوو چاوی تۆم، نەماوە هێز لە ئەژنۆم
با هەر بگریێم بۆ خۆم، بەشی من هەر گریانە
بەشی من هەر گرینە، جەرگ و دڵم برینە
لە دووری ئەو شیرینە، وەک فەرهادی زەمانە
وەک فەرهادی بێستوون، جەرگ و هەناو بووبە خوون
شاگردی منە مەجنوون، سەیری بەزمی دێوانە
دێوانەی باڵای یارم، من هیچ نییە قەرارم
خۆمیش لەخۆم بێزارم، لەبەر لۆمەی بێگانە
لۆمەم ئەکەن قوم و خوێش، بوومە سەیاح و دەروێش
برینم وا هاتە ئێش، دەردەکەم زۆر گرانە
یەکجار گرانە دەردم، شاهیدە ڕەنگی زەردم
لە جێگەی قەوم و فەردم، جارێ وەرە ئیرانە
لوتفیناسناوی ئەدەبی لێت بوو بە حەسرەت، چاو لەڕێی دڵ لە میحنەت
بەڵکوو بکا مەرحەمەت، تەشریفی بە جەژنانە