ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر هات

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 3 خولەک  689 بینین
ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر هات
ئاسایش نەما لەسەر ڕووی وڵات
یەک لەحزە خۆشی نەما لە دونیا
غەزەب ئەبارێ لە ئەرز و سەما
ناسیار یا نەناس درشت هەتا ورد
یەخەی یەک ئەگرن هەموو دەستوبرد
هەمووی باری شەڕ بە شەڕ ئەفرۆشی
لە ڕەق و کینە هەمووی ئەجۆشێ
لای خۆی موسڵمان گشت برای دینە
هەمووی ئوممەتی شاهی مەدینە
حەڵاڵیان ئەکرد خوێن و ماڵی کورد
دوژمن بەجارێ لێشاوی ئەبرد
زۆر بێ ڕەحمانە هەروەک سەگی هار
بووبوون بە ئاگر بۆ کوردی هەژار
گشت دووچار ئەبوو خەتا و بێ خەتا
بە ئاگری زوڵم وەک یەک ئەسووتا
وڵاتیان سووتان چەن فەقیریان کوشت
چەن مزگەوت وێران ئیمامیان ئەکوشت
چەن قورئان سووتا یا درا بە با
پەڕە پەڕە بوو بە دەم ڕەشەبا
شار و دێهاتیان هەموو کرد وێران
عالەم بە جارێ گشت بوو سەرگەردان
سەد هەزار نەفەر هەمووی بێ خەتا
بە ڕۆژێ ڕەوان موسەیەب کرا
باوک لە وەزعی ئەولاد بێ خەبەر
منداڵیش پەراگەندە و دەربەدەر
دایک بە تەنها وێڵی دەشت و شاخ
هەر هاوار ئەکا دڵی پڕ لە داخ
چەن لاوی کوژراو جێما بەبێ کەس
بوو بە خۆراکی شەهێن و کەرکەس
چەن ئاوارە بوو لەم شار بۆ ئەو شار
دەروون پڕ لە ژان مل کەچ و هەژار
چەند پیرێژنان چاو پڕ لە گریان
گڕەی دەروونیان ئەگەییە ئاسمان
چەن جەنازە کەوت لە دەشت و لە شیو
چەندێ نازداران گشت بوونە هەتیو
چەن ئافرەتی جوان لە شاخ و ئەشکەوت
مێردی کوژراوە بە بێوەژن کەوت
هاواری منداڵ هەم ژن و ئەختیار
ئەهات هەر وەکوو بۆقی زار مار
ناڵەی بریندار لە دەشت و لە چۆڵ
گریانت ئەهات بۆ کوردی کڵۆڵ
مەڕ چوو بە تاڵان ماڵ هەمووی وێران
بایەقووش ئەیخوێند لەسەر کەلاوان
دای بەسەر کوردا لە هەر چوار کنار
بەڵا ئەبارێ وەک تەرزەی بوهار
بۆج پرسیار ناکەی لەوەی جێماوە
ئەوانە مەعلووم گشتی کووژراوە
چەپۆکی دوژمن لە ناو شانی کورد
وەک نەقشی سەرسەنگ نەقشی تێدا کرد
ڕووی زەمین سوور بوو بە خوێنی کوردان
هەزاران دەروون ئەهاتە گریان
چوار دەورت ئاگر کوردی بێ خەبەر
ئەمجا چی ئەکەی هەی خاکت بەسەر
دارودارستان سەرتاپای وڵات
هەمووی لق لە ئەرز لەبەر میوە هات
تەبارەی گەنم هەر وەکوو دیوار
گشت بە جێماوە لە کوردی هەژار
پووش و پاوەن و هەم خەلە و خەرمان
باخ و دار و ڕەز لە شاخ و کێوان
مەکینە و زەرعات لە دەشت و لە چەم
ئاگری زۆر دار سووتانی سەرجەم
مایین و هێستر مانگا و بزن و مەڕ
هەمووی بە تاڵان بران سەرانسەر
ئەم زووڵمەی ئەمرۆ لە کورد کراوە
یەقین شتی وا قەت ڕووی نەداوە
ئەو کەسەی هەیبێ تۆزێ بیر و هۆش
ئەم غەدەرە هەرگیز ناکا فەرامۆش
هەتاکوو ماوە لە چەرخی ڕۆژگار
دڵی قەت فارخ نابێ لە ئازار
فرمێسکی چاوی وەک ڕێژنەی باران
دائیم دێتە خوار بۆ کزی کوردان
ئەمجا هەر شین کە و بۆ خۆت بناڵە
لە دەست ئەم چەرخ و ئەم ژینە تاڵە
قوڕ و خاک و خۆڵ بکە بەسەردا
خەم بخۆ لەگەڵ خوێنی جگەر دا
ئیلاهی هەر خۆت جێگەی هاواری
ڕزگارمان بکەی لە شین و زاری
ئەمجا ڕوو لە خوار سەرمای زستانە
نۆرەی بوهاری قەومی کوردانە
ئومێدە لە زات خودای بێ هەمتا
کە دەردێکی دا دەرمانیش بدا
ڕزگارمان بکا لە بەحری میحنەت
هەمووی بگوڕێ بە ڕەزای ڕەحمەت
لوتفیناسناوی ئەدەبی ئەم دەورەش هەتا سەر نییە
لەدوای تەنگانە مەعلووم خۆشییە