بۆ چی نەگرێم سەر لێ شێواوم

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  502 بینین
بۆ چی نەگریێم سەر لێ شێواوم
لە بەحری خەمدا گیرۆدە ماوم
هەرچەن سەیر ئەکەم هەناسەی دەروون
ئاگر بەر ئەدا لە چەرخی گەردوون
بۆ سەرکری خۆم ڕەزیلی هۆزم
بۆ میللەتی کورد دەروون پڕسۆزم
هەموو دەربەدەر بێ جێ و سەرگەردان
وێڵ و بێ مەئوا لە کووچەی شاران
دوژمن وا لەسەر جێگە و مەکانی
خۆیشی وەک مەرگە ژین و ژیانی
منداڵی بێکەس خۆی پەرا گەندە
ڕەنگە زەرد و بێ ناز لێو بە بێ خەندە
پرسیم لە بەرد و داری کوردستان
بۆچ وا پەشێون داماو و حەیران
بۆچ وا مەلوول و حاڵ پەشۆکاون
بۆچ وا ئەسیری کەلەپچە و داون
بۆچ وا گیرۆدەی چەرخی ڕۆژگارن
بۆچ وا بە جاری و لە ژین بێ زارن
بۆچ وا بێ شەوق و زەوق و شێواون
بۆچ وا بێ هەوەس کز و داماون
گشت هاتنە گوفتار بەزمانی حاڵ
وەڵامیان داوە بە دەنگی زووڵاڵ
وتیان توو سەرکە ئیمڕۆ حاڵی کورد
گشت پەرێشانە درشت هەتا ورد
لە کەژ و لە کێو لە دەشت و لە چۆڵ
خوێنی کوردانە تیکەڵ خاک و خۆڵ
دەردی کورد زۆرە نایێتە بەیان
گشت ماتەم زەرد و حاڵی پەرێشان
بۆیە بەم جۆرە ئێمە خەمبارین
لە داخ ئەم دەورە دڵ پڕ لە زارین
پێویستە ئیمرۆ هەر وەک برا بین
گشت بۆ یەکتری پشت و پەنا بین
لوتفیناسناوی ئەدەبی بەس بڵێ خەستەی ماڵ وێران
بۆ بێکەسی کورد هەر بکە گریان