دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای
نە کەیف نە شادی
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
2 خولەک
565 بینین
دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای
دائیم بێ سەبر و ئارام بڕاوی
دڵە تۆ بۆ چی دائیم خەمباری
بۆچ لە حاڵی خۆت ئەوەن بێزاری
دڵە بۆ شیوەن ئەکەی ڕۆژ و شەو
نە کەیف نە شادی نە خواردن نە خەو
دڵە بۆ هەر تۆ وا دەردەداری
عومرت تەواو کرد بە خاکەساری
هاتەوە وەڵام دڵەی پڕ لە دەرد
پەی پەی هەڵدێنی هەناسانی سەرد
ئەڵێی من لە داخ کوردی ڕەنج خەسار
ناڵەی دەروونم وەک هەوری بوهار
شەو هەتا سەحەر لە شین و زارم
جێی لۆمە و تانەی دۆست و ئەغیارم
ئەم چەن ساڵە ئەم کوردی هەژار
خەو و خۆراکی بۆتە زەهری مار
هەردەم گرفتار دەردی ڕۆژگارە
خانەی ئابادی گشت یەختەسارە
سەرلێ شێواوە داماو و زەلیل
ڕوو لە هەڵدێرە بێ هاوڕێ و دەلیل
ئەسووڕێتەوە بێ ئیدراک و هۆش
شەپۆلی پێشووی کردووە فەرامۆش
چەن ئەڵێم ڕۆڵەی کوردم بزانە
بویتە جێی تانەی ئەم سەر جیهانە
ئەڵێی تۆ لاچۆ تەگبیر بۆخۆت کە
لەمەو دوا ئیتر دەمی خۆت کۆت کە
بەسمە وەڵام ئەگەر بفامم
دوایی تێ ئەگەی تۆ لە مەرامم
لوتفیناسناوی ئەدەبی بەس بکە شەرحی بێ سەمەر
هەر چیت وتووە ئەڕوا بە هەدەر