چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  790 بینین
چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ
خودا لە دونیا شادیم بداتێ
هیچ فایدەی نییە دائیم لە غەمدام
دائیم بێ هۆش و سەرسام و شەیدام
ئیمڕۆکە گەنجم سبەینێ پیرم
ئیمڕۆکە ئاغام سبەی فەقیرم
ئیمڕۆ لە وەتەن سبەی غەریبم
ڕەزیل و نەخۆش موحتاج تەبیبم
ئەبینم هەندێ تیر چێشت و تەعام
بێ خەبەر لە چەرخ گەردوونی ئەیام
هەندێکیش هەیە وا لە زیندانە
بێ ماڵ و بێ کەس حاڵ پەرێشانە
یەکێ لە غوربەت وا ئەسیر ماوە
منداڵی وردی لێ بەجێ ماوە
یەکێکی پیرە ئەڕوا بە گۆچان
قامەت چەمێدە دیدە بە گریان
یەکێ ئاوارە بێ لانە ماوە
برسی و ڕەش و ڕووت پشتی شکاوە
یەکێکیش زەلیل ژێر دەستی زاڵم
کەیف لە کوێ بێنم هاوار بە ماڵم
تۆیش وەکوو ئەوان مەعلووم بەشەری
بۆچ لە حاڵی خۆت وا بێ خەبەری
سەنەدت لە لای خواوە هێناوە
کە هەروا بژی لە ڕووی دونیاوە
چۆن تۆ ئەمێنی لە مەکری خودات
لەمانە زیاتر کە سزات بدات
گەرچی تۆ ڕۆژی گەنجێکەت شادە
بۆ دەردی پیری خۆت کە ئامادە
مەڵێ بەهارە دونیا زۆر خۆشە
هاوین لە دوایە یەکجار بە جۆشە
مەڵێی من هەمە ڕوتبەی ئەمیری
بەرانبەرێتی دەردی فەقیری
مەڵێی من ئیستا وجوودم ساغە
دوایی مەعلوومە دڵ پڕ لە داغە
گوڵ و گوڵزاری بەهار زۆر خۆشە
نێرگز و ڕەیحان لالە و وەنەوشە
تۆز و بای هاوین لەگەڵ گەردەلوول
وەک پووش و پەڵاش هەمووی ئەکا لوول
لوتفیناسناوی ئەدەبی تۆ بۆ خۆت خاک بەسەردا کە
ڕوو بکە لە خوا و پشت لە دونیا کە