ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
2 خولەک
590 بینین
ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی
بۆچ وا ئەسیری بۆچ بەند کراوی
بۆچ نەما زەوق و شەوقەکەی جاران
بۆ چی ڕەش پۆشە دێهات و شاران
بۆ چی بێنازە هەردە و شاخەکەت
بێ گەڵاو ڕووتە چەم و باخەکەت
بێ دەنگ و چۆڵە مزگەوت و دیوان
بە پەنجەی زوڵم ژێر و ژوور کران
بۆ چی نەگریێم بۆچ نەناڵێنم
لە داخ ئەم چەرخە بۆ چی بمێنم
بۆ گەلی کوردە ناڵە و هاوارم
پڕ ئێش و دەردە دڵەی بیمارم
کوا دێهاتەکەم ئیمام و موختار
کوا ڕا و سەیران سەدای ئەسپ سوار
کوا گەورە کچان گەردن مراوی
هات و چۆی بەناز لە ڕێی کانیاوی
کوا دەنگی فەقێ قەسیدە و ئەشعار
ئەیان خوێندەوە سبەی تا ئێوار
کوا خۆشی و نەشئەی فەسڵی بەهاران
کوڕ و کچ تێکەڵ ئەچوون بۆ سەیران
کوا ڕەنەی مفەرمان سێ چوار بە قەتار
شمشاڵی شوان هۆ هۆی جووتیار
کوا دەنگی سەپان لە چللەی هاوین
کوانێ تێلەکێش کوا شەغزە بەستین
کوا لاوەکانت وەک یووسفی کەنعان
هەر یەک بە جۆرێ خۆیان ئەنوان
ئیستا ڕەنگ زەرد و گشت لێوبەبارن
هەموو بە دەرد و خەفەت دووچارن
ئەختیارەکانمان ڕووت و ڕەزیلن
هەموو لێوبەبار بە وێنەی دیلن
کراس و کورتەکی دڕاو ئەپۆشن
دائیم خوێن جەرگ خۆیان ئەنۆشن
لوتفیناسناوی ئەدەبی زووخاوی جەرگت بنۆشە
لەمەودوا بەرگی سیاهـ بپۆشە
هەتاکوو چرای کوردان ڕوون ئەبێ
دوژمن لەبەر چاو تووناوتوون ئەبێ