نەورۆز ئەوا هات دونیا ڕازاوە
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
581 بینین
نەورۆز ئەوا هات دونیا ڕازاوە
بەفر و زقووم و شەختە توواوە
ڕووبار و کانی گشت کەوتە خرۆش
بولبول ئەخوێنێ دڵی پڕ لە جۆش
دار و درەختی گوێ چەم ژیاوە
چیا و دەشت و دەر بە گوڵ ڕازاوە
نێرگز و بەیبوون، کنێرە و نەسرین
یاسەمەن لەگەڵ وەنەوشەی ڕەنگین
دار و دەوەنی سەر شاخ و کێوان
جوان و ڕازاوە وەک باخی ڕیزوان
لەم ڕۆژە خۆشە، لەم فەسڵە جوانە
کە ڕۆژی جەژنی پیر و لاوانە
عالەم گشت مەستی سەیران و شادی
دوور لە جەور و خەم هەم نامرادی
یادی نەورۆزە و شایی و سەیرانە
ڕۆژی شادییە و جەژنی کوردانە
ڕۆژی تەنگانە وەک شێری ژیان
هەموو چاوەڕێین بۆ ئەمر و فەرمان
لاوانی وەتەن ئەمڕۆ هۆشیارن
بۆ سەربەرزیی کورد گشت فیداکارن
لوتفیناسناوی ئەدەبی ئەگەرچی عەلەم مەسروورە
بەڵام دڵی تۆ لە شادی دوورە