هەوری میحنەت زۆر بە تاو دەرژێنێ بارانی غەزەب

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  591 بینین
هەوری میحنەت زۆر بە تاو دەرژێنێ بارانی غەزەب
کوردی مەزڵوومی هەژار ڕۆژی ڕووناکی بۆتە شەب
بێ کەس و بێ شوێن جێگە ماڵ وێران و دەربەدەر
بۆ چی بەم جۆرە زەلیلی ئەی برای عالی نەسەب
حاڵی کورد گەر تۆ ئەپرسی ئیمرۆ چۆنە چاوەکەم
وەک مناڵێکی هەتیوە بێ کەس و بێ یار و ئەب
بێ ئەوەی ئەم میللەتە هیچ جورم و تاوانی هەبێ
کوشتن و گرتن لە هەر چوار لاوە ئیمرۆ بێ سەبەب
قەومەکان تخوا وەرن با پێکەوە شیوەن بکەین
ئاگری جەرگم بڵێسەی هەر وەکوو ناری تەحەب
ڕۆژ لە کەل دەچوو عەزیزم تیشکی دونیای گرتوو
بۆ چی تووش بەم شێوەیە دڵگیری بێ شەوق و تەرەب
هەستە ڕۆژی هیمەتە خۆت گیان فیدای ئەم خاکە کە
نەک وەکوو لوتفی خەریکی شووهرەت و ناو و لەقەب