مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
524 بینین
مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە
چاوان کەم بینا پشتم چەماوە
ئەژنۆ ئەلەرزێ هێزیش نەماوە
خانەی شادیش یەکسەر ڕووخاوە
دەبا شیوەن کەم هەتاکوو ماوم
خوێن وەک ڕۆخانە بڕوا لە چاوم
ڕەفێقم ڕۆیشت من بەجێ ماوم
ئایا چ داوێک بۆم دانراوە
باری گوناهم لە خۆم کردوە بار
ناڵەی دەروونم وەک هەوری بەهار
بێ ئاگا لە چەرخ گەردوونی ڕۆژگار
نازانم چی بکەم چیم لێ قەوماوە
لە تاو تەماع و حیرسی دونیای ڕوون
قەت ڕازی نابێ بە بوون و نەبوون
بێ خەبەر ماوم لە کردەی گەردوون
سینەم بۆ هەدەف بە دەس بەڵاوە
یەکجار نزیکە هەنگاوی مەرگم
قولابی ئەجەل سەرکاتە جەرگم
کفن باڵا پۆش ببێتە بەرگم
عومریش لە حەفتا ئەڕوا بەو لاوە
خودا قەترەیی لە بەحری ڕەحمەت
بە شەرافەتی شەفیعی ئومەت
ببارێتە سەر بەندەی بێ قیمەت
بەڵکوو دەر باز بم لەناو قوڕاوە
ئەمجا تۆ لوتفیناسناوی ئەدەبی ڕوو لە خودا کە
تەرکی عینوان نەفسی و هەوا کە
عومر سەرف کە لە کردەی چاکە
ئومێد قایم کە بە ڕەحمی خواوە