سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری
بۆ شاری خامۆش
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
765 بینین
سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری
بۆ شاری خامۆش نەدی و نەدیاری
یەکجار بێزارم پەشێوە حاڵم
ڕووزەرد بە خۆمم هەرەس بە ماڵم
دەفتەری سیام بۆ دێتە مەیدان
ئەوجا چەن خۆشە شیوەن و ناڵان
کردەوەی چاکەم کەمە لە دونیا
ئەوەیش کرابێ زۆری بۆ ڕیا
تاوەکوو بڵێن فڵان کەس باشە
تا شووشەی عومرت ئەدا بە تاشە
فریای خۆت کەوە ڕوو لە مەولا کە
داوای لێ خۆش بوون لە لای خودا کە
بەحری کەرەمی زۆر بێ پایانە
ڕەحمی ئەو لایەق گوناهکارانە
منیش گوناهبار ڕوو زەرد و زویر
چوار پەل بەستراو بە وێنەی ئەسیر
گیرۆدەی داوی پیری و ئەختیاری
خسووس چەن دەردی نەدی و نەدیاری
تازە من چی بکەم چیم دەسەڵاتە
چ جێگە ئەگرێ ئەم موناجاتە
وەختی مردنە خانەم وێرانە
باری گوناهم یەکجار گرانە
لوتفیناسناوی ئەدەبی دڵەکەت زۆر بێ قەرارە
ڕەحمی خوداوەند بۆ گوناهبارە