ئەی ڕەفیقی خۆشەویستم ماڵی خۆت وێران مەکە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  680 بینین
ئەی ڕەفیقی خۆشەویستم ماڵی خۆت وێران مەکە
هەر بە گوفتی هیچ و پووچیش باری خۆت گران مەکە
زۆر زەلیل و دڵ پەشێوم غەرقی بەحری میحنەتم
ڕابەری ڕێگەی نەجات و ماهی درەخشانم وەرە
وا لەسەر ڕێگایەکی ڕاست و بەرینی چاوەکەم
ئاگەدار و باخەبەربە ڕوو لە کەندەڵان مەکە
چونکە نەفسی تۆ بە دائیم مائیلی کاری خراپ
دەوری ئیمانت زەعیفە خۆت تووشی شەیتان مەکە
بۆ چی مەغرووری عەزیزم سەد هەزاری وەکوو تۆ
هات و ڕۆیی بە ڕەزیلی تۆ دڵت خەندان مەکە
فکری حاڵی قەبری تەنگ و مردن و کفنی سپی
وا لە ڕێتە بێنە یادت قەتعیەن غەڕڕان مەکە
دڵ بە زۆر ڕاکێشە بۆ لای تاعەتی یەزدانی خۆت
نەفس دائیم دڵ فریبە بە قسەی پەیمان مەکە
بۆ چی وا داماوی لوتفیناسناوی ئەدەبی عومرەکەت چوو بێ سەمەر
هەڵسە ئیتر پەیڕەوی خاسان بکە و گریان مەکە