ئەی دڵ بێزاری لە ژین دائیمەن مەشغووڵی شین

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  743 بینین
ئەی دڵ بێزاری لە ژین، دائیمەن مەشغووڵی شین
بەسیە تا کەی هەر گرین؟! جارێ ئاو، جارێکی خوین
دڵ برینداری زەمانم، خەرمەنی عومری سووتانم
دەربەدەر تاڵە ژیانم، جەرگ و دڵ بۆتە برین
وەکوو خوێنە ئاوی چاوم، خۆم وەکوو کەشتی سەر ئاوم
تاب و تاقەت لێ بڕاوم، مردنم چاتر لە ژین
چاترە مەرگ لەم ژیانە، بوومە جێی تانەی بێگانە
وام لە زومرەی فاسیقانە، ڕووسیای بەر دەستی دین
شەرمەزاری لای ڕەسوولم، بۆیە غەمگین و مەلوولم
لە کردەی خۆم ناقەبووڵم، سەد دەخیل شای مورسەلین
شاهی جەمعی ئەنبیای، خۆشەویستی زاتی خوای
شافیعی ڕۆژی جەزای، هاوارە شاهی مەدین
هەر تۆ شاهی ئەنس و جانی، خاتەمی پێغەمبەرانی
جێی مورادی عاسیانی، خەلقەتت ئایەی موبین
مەدحی تۆ ئایەتی قورئان، خاوەنی موعجیزە و بورهان
ئەی ئەشرەفی هەردوو جیهان، خۆتی ڕووناکی سەر زەمین
ناوی تۆ یاسین و تاهە، بۆ ئومەت پشت و پەناهە
لوتفیناسناوی ئەدەبی خاوەنی گوناهە، تۆی شفيع المذنبينعەرەبی