وای پەشیمانم لەداخی کردەوەی نەحس و خراپ

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  1084 بینین
وای پەشیمانم لەداخی کردەوەی نەحس و خراپ
دڵ ئەناڵێنێ لە ترسا هەروەکوو چەنگ و ڕوباب
جسم و جانم تێک شکاوە تاقەتی وا لێ بڕا
ڕوو لە ئاخیر وا ئەڕۆم و نیزیکە ڕۆژی حیساب
مەزرەعەی گوناهی من حەد و حیسابی قەت نییە
کاکە چی بکەم من لە تاوی مەحشەر و ڕۆژی عەزاب
هەڵسە زوو بە تاکوو ماوە پێنج و دوو ڕۆژی عومر
تەوبەیێ ڕاستی بکە و هەم ڕوو کەرە دەرگەی سەواب
پشت لە دونیا کە هەژار تازە بە تۆ چی موڵک و ماڵ
پارەیەکی بۆ نەکرد ئەسکەندەر و ئەفراسیاب
چۆن بە بێباکی و سەفاهەت ڕات بوارد عومری عەزیز
تازە ڕۆیی چوو لە دەستت عومری گەنجی و شەباب