جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
534 بینین
جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ
کوردی چۆن؟ کوردێکی ساغی بێ غەشی مەردم ئەوێ
بێ فڕ و فێڵ کورد پەرستێکی جەوان، مەردم ئەوێ
جان فیدایێکی، دلێری سافی بێ گەردم ئەوێ
دڵ پەرۆشێکی وەتەن کوردێکی هاودەردم ئەوێ
نامەوێ کوردێک بە خوێنی کوردەکان بازی بکا
خۆی لە خۆی زوو زوو بگۆڕێ فیز و شانازی بکا
بۆ وەتەن چاکەی نەوێت بێگانەکان ڕازی بکا
پەیڕەوی بیری خراپی گۆمەڵی نازی بکا
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم ئەوێ
هەرچی ناوی تاقە کوردێکی لەلای بێگانە برد
یا لە خۆوە خووی خراپێکی لەحەق هاوخوێنێ کرد
یا کە هاتوو کوردەکانی بۆ ئەم و ئەو کردە پرد
واجبە مێشکی بکەیتە تووتیا یا ئاردی ورد
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم ئەوێ
کورد یەکێکن فەرقی کوردی ژوور و خواری بۆ نییە
فەرقی کوردی کۆچەری و دێهات و شاری بۆ نییە
فەرقی کوردی دەشتەکی و ناوشاخ و داری بۆ نییە
هەر کەسێ فەرقی بکات هیچ ئیعتیباری بۆ نییە
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم ئەوێ
کورد ئەبێ دایم تەماشای بنج و بونیادی بکا
سەیری بنچینەی ئەساسی زێد و ئەجدادی بکا
بیر لە ئیشی پاشەڕۆژی کورد و ئەولادی بکا
نەک بە تەنیا مەرحەبایەک پشت لە ئەجدادی بکا
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم ئەوێ
شایەقم من بۆ ئەوەی کوردان لەگەڵ یەک بن هەموو
یەک دڵ و یەک تاقم و یەک کۆمەڵ و یەک بن هەموو
وەک برایەکی بەڕاستی دەس لەمل یەک بن هەموو
نەک لەبەر نەفعێکی عادی دوژمنی یەک بن هەموو
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم ئەوێ