زیدی خۆش هەوای خۆشی دڵگیرم

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  609 بینین
زیدی خۆش هەوای خۆشی دڵگیرم
ئارامگای جەستەی باو و باپیرم
ئەوەند جێگیری لە دیدە و دڵما
مەحاڵە دەر چی هەرگیز لە بیرم
***
مایەی سەبووری دڵەی خەمبارم
ڕووناکی دیدەی لێڵی خوێنبارم
دارووی نەخۆشی سەختی هیجرانم
مەرهەمی سینەی ڕێشی زامدارم
***
کەژ و کێوەکەت دیارە لە دوور
برق و باقی دێ، وێنەی شوعلەی نوور
کۆشکی ناو چیا و باغچە و باخاتت
وەک بەهەشت پڕیە لە غیلمان و حوور
***
خاکە سوورەکەت تەڵای دەستە ئەفشار
بەردت زومڕووت و ئەڵماسی ئاودار
ئاوت وەک کەوسەر یا ئاوی حەیات
میوەت شیفا بەخش دەردی دەردەدار
***
وەتەن ئەی هەر تۆی واسیتەی ژینم
مایەی نیشاتم ڕۆحی شیرینم
هێزی دوو ئەژنۆ و قووەتی پشتم
پشتیوانی جوان سەختی نەخشینم
***
لانەی شێر کۆڵەی ڕۆڵەی پوڵنگت
ئەشکەوتی مەحکەم تاشراو لە سەنگت
جێگای ڕومبازی شۆڕە سوارانت
دەشتی گوڵ گوڵی سەد هەزار ڕەنگت
***
شەکراوی شیرین سەرچاوەی کانیت
شنەی بای نەسیم سۆزەی بەیانیت
ئەو زیندەگی بەخش مردووی سەد ساڵە
ئەم فەرەح ئەفزای فرزەندی گیانت
***
یا خوا ئاوا بێ بە خۆشی و جوانی
بۆ ژینی ئێمە بە کامەرانی
پارێزگارت بێ یەزدانی عادل
چونکە تۆ دایەی نیشتمانمانی
***
دوژمنت دائیم هەر سەرەوژێر بێ
چوار پەلی ئیفلیج، دوو دیدەی کوێر بێ
جگەری لەت لەت دڵی بە خوێن بێ
بە سەد سک برسی بە سکێ تێر بێ