ئەلا ئەی دولبەری شەنگم وەرە تا بم بە قوربانت

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  1936 بینین
ئەلا ئەی دولبەری شەنگم! وەرە تا بم بە قوربانت
فیدای کاکۆڵی گرژ و لوول نیساری چاوی فەتتانت
هیلال ئاسا قەدم خەم بوو لەژێر باری خەمی دووریت
دە سا تۆ بی و خوا! ڕەحمێ ئەوا مردم لە هیجرانت
بە تابووری موژەی چاو و بە زوڵفی چین لەسەر چینت
دڵ و دینت لە دەس سەندم، خوا بمکا بە قوربانت!
ئەوەند شێواوە ئەحواڵم نزیکە هەر وەکوو مەجنوون
بە جارێ وێڵ و شەیدا بم لە سەحرا و بیابانت
شەو و ڕۆژ ناڵە ناڵی دڵ لە سینەم دێ بە مەحزوونی
ئەویش گۆیا بریندارە بە زەخمی تیری موژگانت
بە تاڵان چوو هەموو عەقڵم بە غەمزەی چاوەکەت جانا
سەرم مابوو بە ساغی، وا ئەویشم خستە مەیدانت
بە باڵا سەروی بوستانی، بە ڕوومەت ماهی تابانی
ئەڵێی سالاری خووبانی، بە لەنجە و لار و عینوانت
منی سەودا زەدەی عەشقت، نزیکە خۆ بە مەرگی تۆ
بە جارێ شێت و شەیدا بم، لەبۆ خاڵی لەبی جوانت
ڕەزام ڕۆحم بدەم بیللا، لە موژدەی وەسڵی باڵاتا
ئەگەر یاریم بدا تالیع، سەعاتێ بم بە مێوانت
دەمی وا وشکە شایقناسناوی ئەدەبی، وەختە بپڕووزێ و لە دەس دەر چێ
ئەگەر تێر ئاو نەکەی ساتێ لە چەشمەی ئاوی حەیوانت