شۆخە شیرین شێوەکەم بەسیە پەرێشانم مەکە

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  594 بینین
شۆخە شیرین شێوەکەم بەسیە پەرێشانم مەکە
دەردەدارت کردووم شێت و هەراسانم مەکە
تۆ بە گۆشەی چاوی مەخموورت منت دێوانە کرد
ئیلتیماسم وایە ئیتر تیرە بارانم مەکە
دەس بە سونگی و عەسکەری موژگانی شۆڕشگێڕی تۆ
کوشتنی منیان مەرامە، گیانە! بێ گیانم مەکە!
یۆسف ئاسا تۆ کە خۆت ئەقلیمی قەلبت گرتووم
بەستە ئەی سوڵتانی جوانان دەخلی ئیمانم مەکە
ڕۆح و خوێن و ئێسک و مۆخ پڕیە لە شۆری عەشقی تۆ
توخوا گەر بێم و بگریم مەنعی گریانم مەکە!
بۆ چی هەر وەختێ کە دەمبینی پلارم بۆ ئەخەی
عاشقی خۆتم بە قوربان بەردە بارانم مەکە
بەش بە حاڵی خۆم بەشی خۆم ئێش و نێشم چەشتووە
تۆیش بەبێ ڕەحمانە، گیانە! خوێ لە زامانم مەکە!
هەر سەعاتێکم بە ساڵێکە لەتاو هیجرانی تۆ
گیانەکەم ئیتر بە دووریت خانە وێرانم مەکە!
وێڵ و مات و عاجزم دائیم ئەناڵێنم بە زار
لەیلەکەم ئیتر بەسی بێ! وێڵی شارانم مەکە!
مەرگی خۆم لا چاترە قوربان! لە دووریی ڕوویی تۆ
خۆت بە خەنجەر بمکوژە! مەسموومی هیجرانم مەکە!
دەردەداری خۆتە شاهۆناسناوی ئەدەبی قەت دەوای نایە بە کەس
وەسڵی باڵای تۆیە دەرمانم لە دەرمانم مەکە