نەخۆشی چاوی بیمارت هەتا کەی ئینتیزارت بێ
لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
1 خولەک
501 بینین
نەخۆشی چاوی بیمارت هەتا کەی ئینتیزارت بێ؟
سەری تەسلیمی دائیم بەردەبازی ڕێگوزارت بێ؟
لە شوکری شەو، کە تۆ شاهی، خودا پێتی عەتا فەرموو
دەبێ فیکر و مەشووری بێنەوایانی هەژارت بێ
سەبا بینێ ئەگەر بێنێ لە باغی جەننەتی حوسنی
سەر و جان و دڵم قوربان و شاباش و نیسارت بێ
دەمێکە دەست بە جان و چاو لە جامم ساقییا فەرموو
کە بگرە و بەردە جان و جام و هەر خێرە بە کارت بێ
ئەگەرچی حوسنی تۆ موستەغنییە ئەمما زەرەر نادا
هەزارانی وەکوو سابیر بولبولی لالەزارت بێ