جانا لە هەناسەی دەمەکەت بۆنی شیفا تێ
لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
1 خولەک
671 بینین
جانا لە هەناسەی دەمەکەت بۆنی شیفا تێ
دەم بێنە دەمم با نەمرم خێرت ئەگاتێ
عومرێکە بە ڕۆژووم و نەبوو جەژنی سیامێ
بەدبەختم و نەمدی لە شەوا قەدر و بەراتێ
کەوتوومە لە بەر قاپییەکەت سائیلی ڕووتم
شادم کە بە ئیحسان و بە ئینعام و زەکاتێ
ئەو وەعدەیە فەرمووتە کەچی ئیفات نەفەرموو
باوەڕبکە ئەمجا لە دەست دەچمە شکاتێ
تا نیونەفەس ماوە قەدەم بینە سەرینم
با بێتەوە خانەی بەدەنم تازە حەیاتێ
لەوساوە کە فەرمووتە شەوێ دێم و نەهاتی
ئێوارە گلاراومە تا بادی سەبا تێ
جانا کە خەیاڵی گوڵی حوسنت بە دڵا تێ
وەک بادی سەبا وایە بەسەر باغی گوڵا تێ
تەنها لە دڵی من نییە ئەو بادە بە قوربان
زۆرە لە هەموو مەملەکەت و شار و وڵاتێ
دواگیانمە فەرموو قەدەمێ بێنە سەرینم
با بێتە لەشی وشکەوەبوو تازەحەیاتێ
سابیر کە نەخۆش کەوتووە هەر چاوی لە ڕێیە
تۆ بێی و شیفای دەردی ئەوی وای بە دڵا تێ