ماهڕوو دەرکەوت و خورشیدی جیهان کەوتە کزی

لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
 1 خولەک  555 بینین
ماهڕوو دەرکەوت و خورشیدی جیهان کەوتە کزی
شەکەر و هەنگوین لە حەسرەت لێوی دوو لێویان گەزی
تیغی ئەبرۆی ڕۆستەم و بەهرامی عاجز کردووە
تیری غەمزەی چاوی دی، سەعدی بنی وەقاس بەزی
کێ بوو وا ئەمشەو جیهان یەکسەر بە ماهی ڕوومەتی
عاسی و مەعسووم هەموو مانەندی کەتان داڕزی
زوشت و ناشیرینە بۆ پاشای عالەم جەردەیی
تۆ کە سوڵتانی جیهانی حەیفە بۆ تۆ شەودزی
شەو کە سوڵتانی خەیاڵت هاتە سەر ئیقلیمی دڵ
پاڵەوانی لەشکری بێگانە پشتی دابەزی
پیاوی چاکی خزمەتی خەڵکی ئەکەی بۆ ئافەرین
تا بڵێی زۆر موکریم و چالاک و چوست و گوربزی
تا جەوانی و تاقەتت بوو مەیلی دەروێشیت نەبوو
ئێستە وا پیر و لەڕی بۆ زیکر و تاعەت عاجیزی
وەک پەمۆ بەرگی هەموو عالەم بە خاسییەت بکە
قەتعی ڕێگە و دامەنی خەڵکی مەکە وەک داری زی
سابیریناسناوی ئەدەبی تاکەی لە نەزم و شاعیری واز نایەنی
ڕووت لە ئاوایی نییە دائیم لە چۆڵ و کەڵبەزی