یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ

لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
 1 خولەک  1214 بینین
یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ؟
زەهری دووری کوشتمی شەهد و ویسالت کەی دەبێ؟
شەککەر و گوڵ پێکەوە تەسکینی دەردی دڵ ئەدا
ڕۆحەکەم ماچ و جنێوی لێوی ئاڵت کەی دەبێ؟
لەم شەوی دەیجوورە هیجر و حاڵی سەرگەردانییە
پەڕتەوی خورشیدی حوسنی بێ میسالت کەی دەبێ؟
شیوەنی شامی فیراقت بۆتە خۆراک و خەوم
ئینتیزارم جەژنەکەی سوبحی ویسالت کەی دەبێ؟
بۆ گرووهی ڕووت و قووتی تالیبی موحتاجی ڕووت
حاسڵاتی عوشری خەرمانی جەماڵت کەی دەبێ؟
بۆ مەزەی مەستانی چاوت میوەهاتی باغی ڕووت
نەوبەرەی عیناب و سێو و پوڕتەقاڵت کەی دەبێ؟
موددەتێکە تەیری دڵ حەپس و ئەسیرە بێ خەتا
ڕەستگاری داوی زولف و دانە خاڵت کەی دەبێ؟
دڵ بەداغ و ئینتیزارم دائیمەن دەستەودوعا
تۆ لە نێو جەمعی ڕەفیقان ئینفیسالت کەی دەبێ؟
بێ بەڵا بی وەعدەکانت سەد یەکی نایێتە جێ
ڕۆحەکەم بڕوا بە پەیمانی بەتاڵت کەی دەبێ؟
سابیریناسناوی ئەدەبی باری جەفا ڕاکێشە بێ دەنگ و خەمۆش
تا جەفاکێش و ڕەزابی قیل و قاڵت کەی دەبێ؟