ئەزقەزا تەیری دڵم وا کەوتە نێو دامی فیراق

لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
 1 خولەک  1266 بینین
ئەزقەزا تەیری دڵم وا کەوتە نێو دامی فیراق
ئاسکی ڕۆحم کەوتەوە نێو دەستی زەرغامی فیراق
ئەی دەریغا بۆ حەکیمی ئاشنا و مێهرەبان
یەک بە یەک عەرزی بکەم ئازار و ئالامی فیراق
جۆگەلەی خوێناوی چاوم ئەرزی ڕەنگین کردووە
تۆ بفەرموو مەرهەمێ دانێ لەسەر زامی فیراق
حاڵی دەردم، ناڵەناڵم ئەو کەسانە تێدەگەن
زەهری هیجریان چێشتبێ یا زامی سەرسامی فیراق
تابەکەی بەدری جەماڵت دادەپۆشی؟ بەسیەتی!
جەوری بێ پایان و هیجری میحنەتی شامی فیراق
شەونخوونی خۆشە بەو ئوممێدە سوبحی تەلعەتی
دەرکەوێ هەرچەندە نامەعلوومە ئەییامی فیراق
سابیریناسناوی ئەدەبی کۆتا کە شەوناڵین، چونکە وەسفی یار
ئینتیهایی نایە بێ پایانە ئەنجامی فیراق