یاخودا خۆش بی سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش

لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
 1 خولەک  516 بینین
یاخودا خۆش بی! سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش
خۆ خودا پێی خۆشە تۆ خۆش کەی دڵ و جانی نەخۆش
هەر بە ئوممێدم کە تۆ بێیە سەرینم بۆ خودا
یا عیلاجێکم کەی و یا وەرگری گیانی نەخۆش
عومری شیرینم بە ناڵین و نەخۆشی بردەسەر
خۆشی خۆشیمە کە تۆ پێت خۆشە ناڵانی نەخۆش
هەر سەری موویە برینێکی موژەی تۆی پێوەیە
ڕوو ترش ناکەم کە چاوی تۆیە لوقمانی نەخۆش
تا لە وێرانەی دڵم گەنجی غەمت شاراوەیە
بەردی بنچینەی نەما خانووی وێرانی نەخۆش
تا نەخۆشی عەشقی تۆ ڕووی کردە مەیدانی مەساف
ڕۆستەم و بەهرام پەشۆکاون لە داستانی نەخۆش
لەززەتی دەرد و غەمی عەشقت لە شاهی خۆشترە
چونکە تۆ پێت خۆشە شەوناڵین و گریانی نەخۆش
سابیریناسناوی ئەدەبی خاوەن موغازەی شاری دەرد و میحنەتە
وەرنەوە ئەی موشتەری، کاڵایی هەرزانی نەخۆش