تەرەقیی دینمان دەوێ

لە ژمارە ٣ی گۆواری هەتاوی کورد چاپ کراوە
لە کتێبی:
بەرهەمەکانی مستەفا شەوقی
بەرهەمی:
مستەفا شەوقی (1865-1932)
 4 خولەک  780 بینین

چەندێک لەوەی پێش بە واسیتەی ڕۆژنامەی هەتاوی کورد، لە خوسووس فایدە و مەنفەعەتی مەکتەب، چەند سەترێکم عەرز کردبوون. ئاغایانی موحتەڕەم عەرزی ئێمەیان قەبووڵ فەرموو، وا دیارە کە ئەلحەمدولیللا حەمییەتی کوردان هاتۆتە جۆش. مەخسووس شوکر دەکەین، ئێمە موسوڵمانین، ئیعانەکردنی یەکترمان لەسەر لازمە حەتتا پێغەمبەر (س) فەرموویەتی: «ومن نفس عن أخيه كربة من كرب الدنيا، نفس الله عنه كربة من كرب يوم القيامة، وإن الله في عون العبد مادام العبد في عون أخيهعەرەبی». یەعنی: «کەسێک ل سەر برای خۆی، مەتڵەب برای موسڵمان و چونکە هەموو موسڵمان پێکەوە بران - إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌعەرەبی - غەمی دنیایە دەفع دەکا، غەمێکی قیامەتی لەسەر هەڵدەگرێ و خودا ئیعانەی عەبدی دەکا، مادامێکی ئەو ئیعانەی برای موسوڵمانی خۆی بکا.»

مولاحەزە فەرموون چەند ساڵ پێشتر لە شاری سابڵاغێ و ئەتڕافی وی، بە چ جۆرێک عیلم و فەزل لە تەڕەققی دابوو و چەند مەلای وەکوو عەلی تورجانی و مەلا پێنجوێنی و مەلای پیرەباب و مەلا وەسیم، بە وجوودی خۆیان عالەمیان موزەییەن فەرمووبوو، چەند کەس لە ئەهلی تەریقەت و لە پیرانی دڵ ڕووناک، بە ئیرشادی خۆیان ڕەونەقیان بە دینی ئیسلامی دابوو. دەگەڵ تەئەسسوفی حاڵی حازر لە هەزار فەقێیان، مەلایەکی وا و لە هەزار موریدان، پیرێکی وا نابێ، بۆچی؟ ب بێ شک دەفەرموون:

– چونکە وەقت هەتا دێ خراپتر دەبێ!

بڵا ئایا ئێمە لە موقابیل ویدا نابێ حەرەکەتێک بکەین؟ دەبێ هەروا مەئیووس و نائومێد بین؟ ئایا بە خراپی ئەودەمی تەکلیفی شەرعیمان لەسەر لادەچێ؟ ڕەجاو لێ دەکەم چلۆن کرمانجانی لادێی کە لە هەزاریان دوویان بە تەواوی فاتیحا و نوێژێ نازانن، دروستە پێیان بڵێی موسوڵمانن؟ عولەمای ئێمە ئەگەر ئەمر بە مەعرووفیان لەکن واجبە، بۆ چی بەبێ وەی کە ئاغایەک، ساڵی سەد تەغار گەنمیان نەداتێ، تا فاتیحا و نوێژیان پێ بڵێن، دیارە کە ئەوا کەمتر فکری پاشەڕۆژیان هەیە. کرمانجی فەقیر مردوویان، بە ئیسلامی خۆیان، بەبێ چەقۆ دەمرن و تەڵقینیان دانادرێ.

ئێمە هیچ ناڵێین کە عیلمی دنیایە بخوێنن، دەگەڵ ئەوەش وا مەکەن کە عیلمی دینیشمان لە دەست بڕوا. ئەرمەنی ئێستا ئینجیلیان بە کوردی تەرجومە کردووە، تۆخودا ئەی ئەهلی ئینساف! کوردێک کە نەزانێ محەممەد (س) کێ بووە و لە کوێ وەفاتی فەرمووە؟ شەریعەت چییە؟ چلۆن دەتوانێ دینی خۆی ڕاگرێ؟ و لە موقابیلی واعیزی فەرەنگییان کە بە زبانی لووسیان، شەیتان هەڵدەفریوێ، هەڵنەخڵەتێن؟

ئایا ئەگەر زەمانە وا دەوام بکا، ئێمە چیمان لە خەڵکی دنیایە زیاترە کە بە دوو سێ پشتیان دەگەنە موسوڵمانان، بۆخۆشیان کافرن. لە یەکێکیان پرسی:

– نێوت چییە؟

دەڵی:

– نیقۆڵا

– نێوی باپیرت چییە؟

– پترووس

– نێوی بابی باپیرت؟

– ژورژ

– نێوی باپیری باپیرت چییە؟

دەڵێ

– محەممەد!

دەگەڵ ئەوەی کە سێ پشتی پێشوویان موسوڵمان بووە، ئەوێستا کافرن! عیلاجی ئەو دەردە دوو کەلیمەیە و بەس، کتێبی شەرعی بە کوردی قسەکەی تەرجومە بکرێ.

ئەی بێن حوجرەیەکی فەقێی فەقیر، پاش بیست ساڵ خوێندن، تا بزانی چ عەیبێکی هەیە؟ بە کوردی تەرجومە بکرێ و بە دوو ساڵان ئەو فەقێ فەقیرە فێری بێ. مەقسەدی ئێمە ئەوەندەیە، نیشانی تەرەقی و بەختە کە ئاغای محەممەد حوسێن خانی سەرداری موکری کە خانەدانێکی نەجیبە و حاکمی سابڵاغێیە، بە سیفاتی حەمیدەی خۆی مەشغووڵە کە ئەو مەعرووزاتی ئێمە و مەفهووماتی ڕۆژنامەی موحتەڕەمی هەتاوی کورد لە قوتابی و خودا دەوامی بدا و خوسووسەن کە جەنابی مەولانا حاجی محەممەد سادق عەزمی فەرمووە کە لە شەڕەفکەندی مەدرەسەیەکی بە زبانی کوردی بنیاد بکەن، ئێمە دڵمان دەجۆشی و پڕ دڵە خوێن ...

مولاحەزە فەرموون ئەگەر قسەکەمان خراپە و یا زەرەرێکی بۆ دینی موبینی تێدایە، دە گوێی مەگرن و ئەگەر خۆش و باعیسی تەرەقی دینی ئیسلامێیە اُنْظُرْ الی مَا قَالَ، و لا تَنْظُر إِلَی مَنْ قَالَعەرەبی دە گوێ بگرن و ئێمە مەناسن.

مرد باید که گیرد اندر گوش / ور نوشته است پند بر دیوارفارسی ―سەعدی