زار و زامارم بە غەمزەی تیری چاوی دولبەرێ

لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 2 خولەک  605 بینین
زار و زامارم بە غەمزەی تیری چاوی دولبەرێ
وام لە زنجیرا بە حەڵقەی پەلکی گێسووی عەمبەرێ
چینی زوڵفی لابەرێ وەختێ لە سەر خورشیدی ڕووی
قەت میسالی ڕووی بە خورشیدی درەخشان ناکرێ
بێت لە ژێر چارشێو دەرخا ڕۆژی کوڵمی خۆی بە ڕۆژ
خۆر لە عەشقی شێت ئەبێ ڕێی مەغریبی بۆ نابڕێ
گیان بەدەس ئەم دولبەرە ئەندەر نیقابە دائیما
گەر لە ڕووی لادا نقابی بێژە عالەم تێک درێ
دوو هیلالی یەک شەوەن ساکن لە سەر چەرخی جەبین
یا خۆ دوو ئەبرۆی سیان هەر یەک لە شکلی خەنجەرێ
فتنەیی ئاشووبی عالەم وا بە چاوی مەسیەوە
عشوەیی شیرێکی حەربی غەمزەیەکی نەشتەرێ
هەر دەڵێی ئۆردووی فەرەنگن تیپی برژانگی ڕەشی
بەم ئوسووڵەم من نەدیوە هیچ سوپا و سەر عەسکەرێ
چوون موعەمما ڕەسمی تەعلیمە لە سەر ئەم عەسکەرە
وا بە ئیما فێر بوون قورئان ئەخۆی تەعلیم دەرێ
دائما مەشغووڵە تەعلیمیان ئەدا و فێریان ئەکا
تا نەبن موحتاج کە ئەمرێکیان زوبانی پێ کرێ
گەر لە ژێر دەسماڵییا دەرخا گەهێ سیای میشکەکەی
سوێن ئەخۆی ڕەشمارە یا خوا تابی میشکە بئ دەرێ
نەرگسی شەهلا لە حەسرەت چاوی بیماری ئەوە
دائما بیمار و گەردەن لارە سەر هەڵناگرێ
لێو وەکوو غونچە لەتیفە پەمبەیی و سوور و سپی
ناوی غونچە پڕ لە گەوهەر خەندە شیرین شەکەرێ
گەردنی سافی وەکوو ئاوێنەیی سافی بلوور
قەت میسالی لۆکسی ئەڵمان بەم بلوورە ناکرێ
دوو هەناری گوڵ بەدەم جێگیر لە سینەی سافیا
تۆ بە گوڵیان تێمەگە هەر گوڵە لەعلی ئەحمەرێ
نافەیی شیرین چ نافێ نافەیی ئاهووی خوتەن
عەتر پەخشانە بە دایم وەک لە مشکی پڕ کرێ
سوورەییی گوڵ ڕەنگ نییە حەیرانی ڕەنگی ڕووی ئەوە
تۆ بە سووری تێمەگە بیمارە تایە ئەیگرێ
وەسفی سەر تا پای ئەتوانم من بە شیعرێ بۆت بکەم
جوان ئەوەس گشتی بەیان کەم یەک بە یەک مەدحی کرێ
ڕۆخ و ڕوو چاو ئەختەر و زوڵف عەمبەر و ئەبرۆ هیلال
سیم بەر و قەد عەرعەر و لێویش لە گوڵ ناسکترێ
بۆ مەزەی ماچی لە شەهدی لەعلی لێوی بێ چەشم
مینە جافناسناوی ئەدەبی سوێن بێ بە قورئان وەختە گیان و دڵ دەرێ