شەوقی شۆڵەی شەم کوڵمی نازاران
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
2 خولەک
527 بینین
شەوقی شۆڵەی شەم کوڵمی نازاران
عیشوەی نیم نیگای دیدە خوماران
لە هەر دڵێکا کە کەوتە ئەشکار
دای ئەڕێزێنێ هەر وەک زەهری مار
هەر تیری غەمزەی نەونەهالان بوو
پەیکانی وە ناز ماوەی خاڵان بوو
فەرهادی شێت کرد وا بە هێواشی
بە ئاسن بردی وەک مێوە تاشی
بە بەرقی شمشێر سەر گۆنای شیرین
بەردی بێ ستوون لەت کریا بە قین
کە چی لە مێژووی عالەم ئارادا
شۆرەت بۆ فەرهاد ما لە دنیادا
دیارە لە چین بوو فەرهاد لە پێشا
شیرین بە کەمەن زوڵفی ڕایکێشا
بوو بە عەوداڵی پرشەی خاڵەکەی
کردی بە سەنگ تاش چاوە کاڵەکەی
ورشە و پرشەی ڕووی خەرامانی چین
شەوقی دایەوە لە خاوەر زەمین
کە خورشیدی کرد وێڵ و دەر بە دەر
جێی هێڵا تەختی شەهنشای خاوەر
پەیکانی برژانگ سیای خەرامان
فەوتانی سوپای خوێنرێژی خاقان
چی بە ئازایی و مەردی و دەمڕاسی
خۆرشید لە مێژوو نوسیاوە باسی
جوانی یوسف بوو زوڵەیخای ساوا
جێی هێڵا شاهی موڵکی خۆراوا
دانیشت بە کوێری لە ژێر سای چەرداخ
شازادەی مەغریب شۆخی بەرز دەماخ
چی کردوە برزوو مێژووی لێی ئەدوێ
خۆرشید بە شمشێر فەرهاد بە تەشوێ