ئیشارەت کە بە برژانگت بڵێ خوێنم بڕێژن زوو
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
1 خولەک
583 بینین
ئیشارەت کە بە برژانگت بڵێ خوێنم بڕێژن زوو
ئەوا مردم لە هیجرانت نەما سەبرم توانام چوو
هەتا کەی بم وەکوو مەجنوون منی بێچارە سەرگەردان
لە عەشقی ماهی تابانت لە چینی پەرچەم و گێسوو
دەمێکە دڵ بریندارە عەزیزم تو خوا سا دەی
بڵێ با زوو لە گیانم کەن جەلاوی دیدەیی جادوو
بە غەمزەی چاوی فەتتانت منی بێچارە ئەوگارم
ئەزانم کوشتنە چارەم دە بیکە چاوەکەم فەرموو
لە حەسرەت قامەتی سەروت ئەوەندە دڵ پەرێشانم
ئەناڵێنم وەکوو قومری هەمیشە ویردمە کوکوو
سبەینێ جەژنی قوربانە بە قوربانت ئەکەم قوربان
سەر و ماڵ و دڵ و گیانم بە چاوی تۆ قەسەم هەر دوو
بە حەیرانی ئەسووڕێمۆ وەکوو پەروانەیە مینەناسناوی ئەدەبی
لە شوعلەی شەمعی سەر کوڵمت لە عەشقی خاڵەکەی سەر ڕوو